بێدەنگکردن و بەئامرازکردنی دەروونناسی: شیکارییەک لەسەر دروستکردنی حەقیقەتی دەستکرد

کاتێک پەیوەندییە مرۆیییەکان و داینامیکی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگەدا تەماشا دەکەین، ڕاستییەکان زۆر جار لەژێر توێژێک لە وەهم و دروشمی بریقەداردا دەشاررێنەوە. لە زۆر حاڵەتدا حەقیقەت لە دەمەقاڵێیەکی ڕووکەش یان کێشەیەکی کەسیی ئاساییدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو دەچێتە خانەی شیکارییەکی قووڵ بۆ چۆنیەتی دروستکردنی ڕاستی لەلایەن ئەو کەس و تۆڕانەی کە دەسەڵاتخوازن. «ناهاوسەنگی دەسەڵات» دەستنیشانکەری سەرەکیی سروشتی توندوتیژییە. کاتێک تاکێک لە پێگەیەکی کەمدەسەڵاتتر یان بە تەنیایی بەرامبەر بە سیستەمێک یان گرووپێک دەوستێتەوە، توندوتیژیی ڕاستەقینە لەلایەن ئەو تۆڕە بەهێزەوە ئەنجام دەدرێت کە خاوەنی پێگە و هێزی جەماوەریی نووسراو یان دەنگدارن. لێرەدا ئەگەر تاکەکە دەنگی بەرز بکاتەوە یان زاراوە و زمانی ڕەق یان جنێو بە کار بهێنێت کە چەمکی سێکسیستی تێدا نەبێت، ئەو زمانە ڕەقە لە چوارچێوەی توندوتیژیدا هەژمار ناکرێت. زمانی ڕەق لە ناوەڕۆکی خۆیدا دەتوانێت بنەمای توندوتیژی ئەژمار بکرێت بەڵام بەستراوەتەوە بەوەی لە چ کانتێکستێکدا ڕوو دەدات. ئەو زمانە ڕەقە کاتێک توندوتیژی ئەژمار دەکرێت کە بێ بنەما و بێ لۆژیک بەرانبەر کەسێک یان کەسانێک بەکار ببرێت. بەڵام گەر کاردانەوە بەرانبەر بە پەراوێزخستنی سیستماتیک و توندوتیژی ئاڵۆزی سیستماتیک بێت، کەمترین مافی تاکەکەسیە بۆ دەربڕینی تووڕەیی ڕەوا.

کێشە سەرەکییەکە کاتێک دەست پێ دەکات کە ناوەندەکانی دەسەڵات لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەڕۆکی ڕەخنەکان، پەنا دەبەنە بەر جۆرێک لە یاسادانانی ڕەفتاری و پۆلیسیکردنی دەنگ. ئەوان شێوازی دەربڕینەکە دەکەنە فیلتەرێک تا لەو ڕێگەیەوە ڕەخنە بنەڕەتییەکەی تاکی پێ بێ بەها بکەن. لەم پرۆسەیەدا ئایدیۆلۆژیا یان نازناوە بەرزەکان، تەنانەت نازناوی مەدەنی و مافی مرۆڤ، دەکرێنە قەڵغانی پیرۆزکردنی کەسەکان و داپۆشینی ڕەفتارە ڕاستەقینەکانیان. کاتێک گرووپێک ناوێکی پێشکەوتوو بەکار دەهێنێت بەڵام لە کرداردا هەمان میکانیزمی باڵادەستکاری و سڕینەوەی دەنگی جیاواز جێبەجێ دەکات، دووڕووییەکی ئەخلاقی بەرهەم دێت کە تێیدا نازناوەکە دەبێتە ئامرازی سەرکوت. دەروونناسی و تێرمەکانی زانستی دەمار لەم هاوکێشەیەدا بە شێوازێکی زۆر شاراوە بە ئامراز دەکرێن. زۆر جار بەکارهێنانی لەیبلی دەروونی، وەک ناوزەدکردنی ڕەخنەگر بە نەخۆش یان ئاڵۆز یان گەڕاندنەوەی هەموو ناڕەزایەتییەک بۆ ترۆما و تێکچوونی دەروونی، توندوتیژییەکی نەبینراوە کە بە بەرگێکی زانستی و شارستانییەوە ئەنجام دەدرێت تا ڕەوایی لە دەنگی قوربانی بپچڕێت.

دەکرێت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی دەمارناسی بۆ کارکردنی مێشک بۆ ئەم پرۆسەی بەرهەمهێنانی وەهمە شیکاری بکرێت. مێشکی مرۆڤ هەمیشە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کەمترین وزەوە پێشبینی جیهانی دەوروبەری بکات. کاتێک تۆڕێک یان گرووپێکی خاوەن دەسەڵات کۆمەڵێک زانیاری دەستچنکراو دووبارە دەکەنەوە، مێشکی گشتیی کۆمەڵگە ئەم زانیارییانە وەک پێشبینی بنەڕەتی وەردەگرێت و دەیانکاتە چوارچێوەیەکی نەگۆڕی سەلمێنراو. لە کاتێکدا تاکێک بەگژ ئەم پێشبینییە هاوبەشەدا دەچێتەوە، لە مێشکی گشتیدا هەڵەی پێشبینی دەخولقێت کە دەبێتە هۆی ناڕەحەتیی بە کۆمەڵ. دەسەڵاتخوازەکان بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و ڕاگرتنی سەرکردایەتییان، ناڕەزایەتییەکان بە جۆرێک بە لاڕێدا دەبەن کە گوایە خۆیان لایەنی ژیر و تەندروستن و بەرامبەرەکەیان کەسێکی نائاسایی و نەخۆشە. کۆمەڵگەش چونکە لە پێشتردا پرۆگرام کراوە بەو پێشبینییە دەستچنکراوانە، وێنە هەڵبەستراوەکە وەک حەقیقەت ڕەچاو دەکات.

لەم چوارچێوەیەدا فشاری کۆمەڵگە لەسەر تاک دەبێتە کەرەستەیەک بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ، کە تێیدا کۆدەنگیی دەستکرد جێی واقیع دەگرێتەوە. ئازار و ڕەخنە ڕاستەقینەکان دەسڕرێنەوە و شوێنەوارەکەیان دەشاررێتەوە، تا ئەو شوێنەی وەهمی ڕاستیی دەستکرد جێگەی واقیعی ئازارەکان بگرێتەوە.