لەبارەی پرسی کورد، تاکگەرایی و بەخۆداچوونەوەیەکی فکری

نووسینی کۆتاییم بە کوردی:

دەمێکە خەریکم بیر لەوە دەکەمەوە چوارچێوەیەک بدەم بە هەندێک بیروباوەڕی پچڕ پچڕم کە ماوەیەکی زۆرە بیریان لێ دەکەمەوە. لەوەتەی لە بیرمە، بەهۆی ژینگەی ئاڵۆزم لە مەریواندا، بۆ ئەوەی ئاوەزم لە دەست نەدەم، بە عەقڵانیکردنی (rationalise) شتەکان و تاکگەرایی (individualism)، بەشی دانەبڕاوی کەسایەتیی من بوون. هەر ئەم نرخاندنەی ژیانی تاکەش منی دەغدەغەمەند کرد؛ واتە ئەگەر هەستم بەوە بکردایە بەشێک لە شوناسی کۆمەڵێک تاک لە کۆمەڵگەیەکدا سەرکوت دەکرێت، دەمارەکانم هەستیار دەبوونەوە. هەر بۆیە دژەژنی، دژایەتیی هاوڕەگەزخوازەکان و ترەنسەکان و فاشیزم و بیروباوەڕە سەرکوتکارە کانی تر وەک هێڵی سوور بۆ من دەردەکەون. بچووکترین نیشانەکانیان دەناسمەوە و هەر مرۆڤێک خاوەنی ئەم خەسڵەتانە بێت لێی دوور دەکەومەوە.

دێمە سەر لایەنێکی تر کە لە ژیانمدا زۆر مێشکی سەرقاڵ کردووم کە ئەویش پرسی کورد بووە. ئەوەی سەرەتا سەرنجمی بۆ پرسی کورد ڕاکێشا هەر بڕوام بە تاکگەرایی بوو، چونکە هەستم دەکرد شوناسی کوردبوونم دەرفەتی خۆدەربڕینی پەیدا نەکردووە. هەر بۆیە سەرەتا خۆم فێری کوردی نووسین کرد و لە تەمەنی ٢٣ بۆ ٢٤ ساڵییەوە هەوڵم دا ئەوەی بە فارسی دەمنووسی بیکەمە کوردی. ئەوەش بڵێم، لە هەر شتێکدا دەینووسم سەرەتا ڕووم لە خۆمە و بۆ خۆم دەنووسم، بەڵام کە بڵاوی دەکەمەوە، بتەوێت و نەتەوێت سەرنجی کەسانی تر بۆ لای نووسینەکانت ڕادەکێشرێت. بە کوردی لەسەر فێمینیزم، مافی کەمینەکان و ژینگەپارێزی دەمنووسی. هەر لە سەرەتاوە بەرەنگاربوونەوەم بینی، چونکە من دژی ئەو شەپۆلە باوە بووم کە کورد تێیدا چالاکیی دەکرد. هەر لەو تەمەنەشدا کە مێژووی سیاسیی کوردم خوێندەوە، تێگەیشتم کە بن و بنچینەی کوردایەتی بە هەڵە دامەزراوە و لەلایەن ئەو شێخ و ئاغا و خانانەوە کە پێشتر لە کوردستان دەسەڵاتی ناوچەییان هەبووە، بە لاڕێدا براوە.

ئەگەر ڕای من بە نیسبەت پرسی کورد بپرسن، من دەڵێم دەتوانێت و پوتانسیەلی ئەوەی هەیە کە ببێتە پرسێکی مرۆییی گەورە لە دونیادا؛ واتە هەر لە سەرەتاوە پرسی کورد دەبووایە لەسەر خۆپارێزی دابمەزرایە و چوارچێوەیەکی تیۆریی مرۆییی پێ بدرایە و بەستێنی کولتووری و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ دابین بکرایە بۆ پێشکەوتنی کولتووری کۆمەڵگەکەی. واتە دەست بردن بۆ چەکم لەلایەن کوردەوە بە هەڵە زانیوە. باوەڕم وایە لەپاڵ زاڵم بوونی «دەسەڵات»ی نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەری کورد، سیاسییەی کوردەکانیش هەڵەی ستراتژیکی زۆریان کردووە. بەڵام ئێستا کە مێژووی کورد بەم ڕێگەیەدا تا ئێستا هاتووە، هێشتا دەرفەت بۆ بەخۆداچوونەوە و گرتنەبەری ڕێڕەوی دروست هەیە. دەبێت:

- هەڵە ستراتژیکییەکانی خۆی ببینێت

- جینۆسایدەکانی کورد تۆمار بکات و فیلم و ڕۆمان و ئەدەبیاتی لێ دروست بکات.

- بەستێنی کولتووری و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ دابین بکات بۆ پرسە مرۆییەکان، وەک پرسی ژن، کەمینەکان، ژینگە، ئاژەڵان و منداڵان و نەیخەنە چوارچێوەی کاتی سەربەخۆیی کوردستان

هەموو ئەمانە پێکەوە پەیوەندییان هەیە و دەبێت لەو ڕێڕەوە کلاسیکەی بزووتنەوەی کوردی دوور بکەوێتەوە و هەڵەکانی بۆ چەندین جاری دیکە دووبارە نەکاتەوە.

لانی کەم لەم کاتەدا کەس گوێ بە من و نووسراوەکانم نادات، بەڵام بە ئەرکی خۆمی دەزانم لانی کەم بەشێک لەوەی لەم چەند ساڵەدا بە ئەزموون لێی تێ گەیشتووم، لێرەدا بنووسمەوە. ئەو شەپۆلە زاڵە و چوارچێوە زاڵەی کە بۆ چالاکیی کوردی دیاری کراوە، چوارچێوەیەکی تەسکە. من خۆشم هەندێک جار بۆ ئەوەی قسەکان و نیگەرانییەکانی ترم ببیسرێت دەکەوتمە ناو ئەو چوارچێوە تەسکە، بەڵام تۆزێک لەو چوارچێوەیە دەربچوومایە، تێرۆری کەسایەتی دەکرام. بۆ نموونە، خۆم چەندین جار ئاماژەم بەوە کردووە کە «هەر کوردێک خۆی بە ئێرانی بزانێت کۆیلەیە»، بەڵام ئێستا کە بیر لەو ڕستەیە دەکەمەوە، دەبینم چەندە هەڵەیە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی تەسکە بۆ خەڵک. بە وتنی ئەو ڕستەیە، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە خاوەن پاسپۆرتی ئێرانیم، یان تا ئەو کاتەی لە ئێران بووم لەژێر یاساکانی ئێراندا بووم. بەگشتی، ئەو شێوازە دووانەم زۆر پێ هەڵەیە، چونکە چوارچێوەی تەسک دیاریکردن و ئایین دروستکردنە بۆ کۆنتڕۆڵی ژیانی تاکەکان. بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠٢٦دا دۆکیۆمێنتارییەکی «ترانە عەلیدوستی»یم بینی کە باسی چالاکییەکانی لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» دەکرد. چونکە تەرانە عەلیدوستی یەکێک بوو لە کەسایەتییە نموونەکانی دەورانی نەوجەوانیم، وێنەیەم بڵاوکردەوە و لەژێریدا نووسیم کە خۆشم دەوێت، کەچی هەندێک کوردی بیرتەسک جنێوی «فارسمژ»یان پێ دەدام و بە حاڵەتی سووکایەتییەوە پێیان دەوتم «ئێرانی».

لە ڕاستیدا، بەکۆیلەکردنی کەسێک و بەکارهێنانی وشەی «ئێرانی»، «عێراقی»، «سووری» و «تورکی» ئەدەبیاتی سەرکوتە و من هەرگیز بە کاری نابەم ئیدی؛ هەروەک چۆن بەکاربردنی دەستەواژەی «تجزیە طلب» لەلایەن گوتاری ناسیۆناڵیستیی ئێرانییەوە بەرانبەر بە کورد، ئەدەبیاتی سەرکوت و بە نامرۆڤکردن (dehumanisation)ی تاکی کوردە.

تا ماوەیەکی زۆر لە ئوسترالیا بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر کەسێک لێم بپرسێت: Where are you from? من دەبێ چی بڵێم؟ مەریوان؟ مەریوان لە کوێیە؟ ئەگەر بڵێم کوردستان، ئەی کە پرسیی کوردستان، کام وڵاتە، دەبێ چی بڵێم؟ دەبێ بڵێم وڵاتێکی خەیاڵییە و بێوڵاتم و دەست بکەم بە شیکردنەوەی مێژووی کورد؟! ئەمجارە خۆم خستووەتە دۆخی لاوازییەوە. تا دواجار دوای ماوەیەکی زۆر بیرکردنەوە لە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦دا، گەیشتمە ئەو ئاکامەی کە هەر بڵێم Iran و کاتێکیش پاسپۆرتی ئوسترالیام گرت، بڵێم Australia is my home now.

ئایا ئەوە بە مانای ئەوەیە ڕەتی دەکەمەوە ستەم لە کورد کراوە و مافی چارەی خۆنووسینی کورد ڕەت دەکەمەوە، یان پەڕیومەتە باوەشی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی و ئاسیمیلەم؟! «بە هیچ شێوەیەک!» ڕێگە بە هیچ کەس نادەم پێم بڵێت «فارسمژ»، «کۆیلە»، «گەمژە»، یان بە سووکایەتی و بۆ dehumanisation و بە «جاش» ناساندنم پێم بڵێت: «ئەها، خۆی بە ئێرانی دەزانێت!». من بەپێی واقیع دەڕوانم بۆ دونیا و هیچ تەعەسوبێکیشم لەسەر هیچ سنوورێک نییە. هەر کات شوێنی لەدایکبوونی من، واتە «مەریوان»، چووە چوارچێوەی دەوڵەتێکەوە بە ناوی «کوردستان» و لە دونیاشدا بە ڕەسمی ناسرا، ئەو کات هەر کات لێمیان پرسی لە کام وڵاتەوە هاتووی، دەڵێم کوردستان.

هەندێک کەس کە خۆیان زۆر بە نەتەوەپەرەست دەزانن ئاواتخوازی کاولبوونی ئێران و مردنی خەڵکی ئێرانن. کەسێک ئاوەزی هەبێت، دەزانێت بە کاولبوونی ئێران، خودی ئەو کوردەش کە لە چوارچێوەیدایە تووشی زیانێکی زۆر لە لایەنی ئابووری و دەرمان و پەروەردەوە دەبێتەوە. پێم وایە ئەو کوردانە نەک نیشتماندۆست نین بەڵکوو یان نەزانن یان ئاگادارانە فاشیستی بیرتەسکن.

بەگشتی، بەپێی ئەوەی ڕێزێکی زۆرم بۆ «تاکگەرایی» (Individualism) هەیە و هەر لەو ڕوانەگەیەشەوە دەڕوانم بۆ پرسە مرۆییەکان، بڕوام وایە کە تاکی کورد وەک کوردێک چەوساوەتەوە، زمانی قەدەغە کراوە، هەوڵی ئاسمیلاسیۆنی دراوە و لەسەر خاکی خۆی بێدەسەڵات کراوە. ئەوانە بە هیچ شێوەیەک ئینکار ناکرێن. لەپاڵ ئەوەدا، بڕوام وایە دەسەڵاتخوازە کوردەکانیش بەشدار بوون لە چەوساندنەوەی تاکی کورد و توندوتیژی لەحەنای نەتەوەی خۆیاندا. من پێم وایە نابێت پیرۆز بکرێن و دەبێت ڕۆژێک لەبەر هەڵەکانیان بەرپرسیار بکرێن، تاوەکوو کوردایەتی «ڕێڕەوەی دروست»ی خۆی بگرێتە پێش.

ڕێڕەوی دروست چییە؟ خۆپاراستن، نرخاندنی گیانی تاکی کورد، دروستکردنی بەستێنی سەربەخۆ، پشتیوانیکردن لە تاکی یاخیی سەربەخۆ کە دەیەوێت چالاکی بکات، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئازادیی ڕادەربڕین لە چوارچێوەی دروستدا بەبێ هێرشی کەسی، دوورکەوتنەوە لە عەقڵیەتی خێڵەکی و عەقڵیەتێک کە گرووپەکان و تاکە کز و لاوازەکان دەبەزێنێت و دوورکەوتنەوە لە کایەی ڕەوانی و «دووڕوویی».

مەبەستم لە دووڕوویی ئەوەیە کە ئەگەر کەسێکیان بە دڵ نەبوو، دەیبەنە خانەی «جاش» یان «ئاسیمیلە» و دەیخەنە پەراوێزەوە، بەڵام چاویان دەبەستن بەرانبەر بە دەیان هەڵەی زۆر گەورەی سەرۆک حیزب، هاوڕێ و هاومەرامی خۆیان.

ئەگەر بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هەوڵ دەدەن، با چوارچێوەی هەبێت، بەرنامەی هەبێت، وشە و دەستەواژە سیاسییەکان مانای قووڵ و ڕوونی هەبێت کە نەتوانن بەپێی بەرژەوەندی بیگۆڕن. لە بڕیاری سۆزدارانە دوور بکەونەوە؛ بەرپرسیار بن لەسەر سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی تاکی کۆمەڵگە. ئەگەرنا، ئێوە نیشتمانپەروەر نین، بەڵکوو کەسانی دەسەڵاتخوازن کە دەستەواژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ سوودی خۆتان بە کار دەهێنن.

بۆ کۆتا قسە دەڵێم کە من بەگشتی بەپێی ئەوەی لاو بووم و لە قۆناخی ئەزموون کردن نەختێک لە کێشانی سنوورەکانمدا نەرمیی دەنواند؛ بەڵام ئێستا بە ڕوونی دەزانم کە بە سەرقاڵکردنی خۆم بە سیاسەت و چالاکیی کۆمەڵایەتی هەڵەیەکی گەورەم کرد و ئارامیی دەروونم تێک دا. من کەسایەتییەکی ئاکادێمێک و خاوەن لۆژیک و چوارچێوەی ئەخلاقی تایبەت بە خۆمم کە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێستای دونیا و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناویندا نییە. چوارچێوەی کەسایەتیم بۆ چوارچێوەی کاری کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین یان بەگشتی فەزای ئۆنلاین نابێت. بۆ دەیەیەک مێشکی خۆمم سەرقاڵ کرد، ئەگەرچی گەورەی کردم، بەڵام ستەمێکی زۆر بوو لەسەر ئارامیی دەروونم. بێگومان ئێستا تەنیا ئارامیی ژیانم بۆم گرنگە و ئیتر سووکایەتی و سنوور دیاریکردنێکی زۆر بچکۆلەش لە هیچ کەسێک بە هەر شوناسێکەوە قبووڵ ناکەم.